رێکخراوی پوکواش دەچێتە شاری هەڵەبجە و گوێبیستی شایەتحاڵی کیمیابارانی شارەکە دەبێت
2025-04-20
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٥ شاندێکی باڵای رێکخراوی پوگواش- عیراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز خاوەن پایە د. حسێن شەهرستانی، سەرۆکی رێکخراوەکە و شاندێکی یاوەری لە رێکخراوەکە و تیمی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگاتە شاری هەڵبجەی شەهید.
لە دەسپێکی سەردانەکەی رێکخراوی پوگواش سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی شەهید دەکات بەشەکانی مۆنۆمێنەکە بەسەر دەکات و سەرجەم بەڵگە و دیکۆمینتەکانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی بەعسی رووخاوەوە دەبینن و پاشان گوێبیستی دوو لە شایەتحاڵەکان و رزگاربووی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە رێکەوتی ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ بوون.
شایەتحاڵە رزگابووەکان تەواوی چیرۆکی مەرگەسات و ئازار و تراژیدیای رۆژی کیمیابارانکردنەکەیان بۆ رێکخراوی پوگواش گێڕایەوە و بەڵگەکانی تاوانبارکردنی حکومەتی بەعسی رووخاویان پێشکەش بە رێکخراوەکە کرد و داواکاربوون لە رێکخراوی پوگواش کار و چالاکییەکانیان لەبارەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەوە زیاد بکەن و شاری هەڵەبجەش وەک شوێنی چالاکی و کۆنفرانسەکانیان هەڵبژێرن.، روڵبگێرن لە بەجینۆسایدناساندنی ئەم تاوانە گەورە لەسەر ئاستی جیهان.
رێکخراوی پوگواش و شاندی یاوەری سەردانی گۆڕستانی بە کۆمەڵی ٥٠٠٠ هەزار شەهیدی کیمیابارانانی هەڵەبجەیان کرد و فاتیحایان خوێند و نزای خێر و خۆشییان بۆ شەهیدان خوێند.
لە کۆتایی سەردانەکەیاندا بە چاوی پڕگریانەوە سەرۆکی رێکخراوی پوگواش وتەیەکی بۆ ئامادەبووان و میدیاکاران پێشکەشکرد وتی: " هاتمان بۆ ئەمشارە بۆ گوێبیستی شایتحاڵەکان بوو راستەوخۆ، بەڕاستی دڵمان راچڵەکی کاتێک گوێبیستی ئەم چیرۆکانە بووین و بەڵێنبێت لەمەودوا کار لەگەڵ هەڵەبجەییەکان بکەین تابتوانین سارێژکەری برینیان بین".
بەڕێز خاوەنپایە د. حسێن شەهرستانی وتیشی: "دەمانەوێت سوپاسی بێپایانی خۆمان ئاراستەی نووسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز د. محەمەد سابیر ، ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوی پوگواش عیراق و دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بکەین". هەروەها : "سوپاسی خۆمان ئاراستەی بەڕێز محەمەد حەمەسەعید، بەڕێوەبەر و ستافی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە و بەڕێز کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە و بەڕێز سەرخێڵ غەفار، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بکەین کە تەواوی رۆژی دووەمی چالاکییەکانی پوگواش لە شاری هەڵەبجە لەگەڵمان بوون هاوکاری تەواومان بوون".
جێ وەبیرهێنانەوەیە رێکخراوی پوگواش دوو رۆژی پڕ لە چالاکی هەبوو لە شاری سلێمانی و شاری هەڵەبجە، رۆژی شەممە ١٩ی نیسان کۆنفراسی هەرێمایەتیی پوگواش -عیراق لە ژێر ناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چەکی کۆکوژ لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی میوانی باڵای حکومی و حزبی لەسەر ئاستی عیراق، بە سێ پانێڵ بە بەشداری کارای دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بە هاوکاری و پاڵپشتی نووسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.