مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵەیەکی هەڵکەوتوی نێو ژانەکانی گەل بوو

2025-04-08


ئەمڕۆ هەشتی ئاپریل /نیسان ،بیست و پێنج ساڵە  رابەر و سەرکردە و روناکبیری بلیمەت ، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد   مێژویەکی پڕ لە سەروەریی جێ هێشتوە  بۆ گەل و کوردستانەکەی .

راستە مامۆستای مەزن بیست و پێنج ساڵە بە جەستە لە نێوماندا نییە ،بەڵام گەنجینە بە نرخ و دەوڵەمەندە فیکریی ، سیاسیی ، ئەدەبیی و قانونییەکانی  هەمیشە  لە  هزری رۆڵەکانی گەلەکەیدایە .

مامۆستای مەزن ناوبانگە پایەدارەکەی لە ئەنجامی  ئەو خەبات و تێکۆشانە نەبڕاوەیەیدا رەگی داکوتاوە کە لە هەڕەتی جەوانییەوە خۆی بۆ تەرخانکرد تا دواماڵئاوایش درێژەی پێدا . ئیبراهیم ئەحمەد  لە  هەلومەرجێکدا شانی بەردایە بەر خەبات کە گەل و نەتەوەکەی لە ژان و ئازار و بەش مەینەتییەکی ئاڵۆزدا بو ، ئەویش    کە رێبواری نێو ئەو دژوارییە بو ،  لە نێو  تولە رێ و لێورەوار و تەنگەکاندا  شارەزاییەکی پڕ ئەزمونی وەرگرت لە دۆزینەوەی رێگای راست  و  بوە  رابەرێکی گەورە بۆ شاڕێی  خەبات بەرەو سەرکەوتن .

  لە نێو کوێرەوەرییەکان ، لەو ساتانەی کە رۆژگارەکانی  ئەنگوستە چاو بون    ،مامۆستا  برایم ئەحمەد ، رێگاکەی هەر  بە روناکیی دەبینی و گەلەکەی بە گیانی نوچ نەدان هان دەدا  لە سەختی رێگا نەترسن  و لە سامی تاریکیی سڵ نەکەنەوە . بەڕێزیان کە قاڵبوی  شێوازەکانی خەبات بو ،   رێکخەر و بەشدارێکی کارای  خۆپیشاندانە  ئاشتیخوازییە جەماوەرییەکەی شەشی ئەیلولی ١٩٣٠ ی شاری سلێمانی بو   ،کە هێزەکانی رژێمی ئەو کاتە بە  گوللە وەڵامی داواکاریی رەوای کۆمەڵانی خەڵکیان دایەوە . ، ئەوەش یەکەمین شێوازی خەباتی  شار و جەماوەریی    بوو کە   سەرکردەی مەزن کاك نەوشیروان ی خوێندکاری خوێندنگەکەی مامۆستا برایم ئەحمەد بە سەردەمی قەڵەم و موراجەعات ناوی بردوە . 

ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان  ،دە ساڵی تەواو لەرێی گۆڤاری گەلاوێژەوە تەواوی تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ رۆشنبیرکردنی رۆڵەکانی وڵات   تا خەبات بە چەکی هوشیاریی  سیاسیی و روناکبیریی  بکات . 

ئەم رابەرە مەزنەی گەلەکەمان کە موڵکی نەتەوەیی کوردە دور لە هەمو ئایدۆلۆژیایەك ، خەباتی چڕ کردوەتەوە بۆ سەرخستنی مافی رەوای کورد لە هەر بەشێك بێت .لەو روەشەوە هەمیشە هەوڵی داوە کە لە نوسینە سیاسیی ،ئەدەبیی و روناکبیرییەکانیدا  ماناو و واتایەکی مرۆڤ دۆستانە بدات بە خەباتی کوردایەتی ،  دور لەو تۆمەتانەی کە شۆڤێنییەکان دەیدەنە پاڵ کورد ،هەوڵیشی  داوە کە نەتەوەی سەردەست هێندە باغر نەبێت بەوەی کورد دەچەوسێنێتەوە . 

نامیلکەی العرب و الاکراد  چاپی ١٩٣٧ کە سەرچاوەیەکی زۆر بەهادارە و بۆ ئەم سەردەمەشمان نرخ و بەهای مەزنی هەیە و بەناوی دەستەیەك لە جەوانانی  کورد بڵاوکراوەتەوە ، لە نوسینی ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی کوردە ، تیایدا نەخشەیەکی رێگای زۆر تۆکمە و زانستیی داڕشتوە ، بۆ پێکەوە ژیانی کورد و عەرەب لە عێراق و بەشەکانی تریشدا .

وەك سەرۆك مامجەلالی مەزن  لە پێشەکی چاپی  دوەمی کتێبەکەدا دەفەرموێت "ئەم کتێبە بەڵگە نامەیەکی مێژویی گرنگە  بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ کورد  و خەبایە رزگاریخوازە کەی ،چونکە ئەو راستییە دەخاتە  رو کە پێشکەوتنخوازانی کورد پەی دەبەن بەوەی کە پەیوەندییەکی دێرینی خەبات کورد و عەرەب پێکەوە دەبەستێت ، ئەوەش بنەمایەکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی دیموکراتیکی رزگاریخوازی  کورد و گەیشتن بە مافە رەواکانی ، بەڵگە نامەیەکی گرنگە چونکە هێڵە گشتییەکانی خەباتی هاوبەشی رونکردوەتەوە ،ئەو راستیەشی بەرجەستە کردوە کە کورد  ئاما() .

مامۆستا برایم ئەحمەد وەك چۆن لە نوسینە سیاسییەکاندا هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی چینی کرێکار و جوتیاران بوە و خانەکانی خوارەوەی کوردەواریی کردوەتە  ئیلهامی نوسینە بە پێزەکانی  بۆ خستنە روی ویست داوا رەواکانی گەلەکەی ، لە بەرهەم و شاکارە ئەدەبییەکانیشیدا هەر ئەوانن پاڵەوانی چیرۆك و شیعرەکانی ،هانی داون بۆ بەردەوامیی خەبات و کۆڵنەدان چونکە دوا رۆژ و ئایندە بۆ ئەوانە نەك چەوسێنەرەکان .

ئێستاش بەرهەمەکانی ئەم رابەرە روناکبیرە خۆنەویستە  نرخ و بەهای  گەورەیان هەیە بۆ خەبات و داواکارییە رەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەر بەشێکدا بن .  راستە بیرو تێزە کانی مامۆستا برایم ئەحمەد بۆ رزگار بونی نەتەوەکەی  بە ئامانجی سەربەخۆییە ،بەڵام ئەوە رێگر نەبوە لەوەی داوای پێکەوە  ژیانی بە ئاشتیی و ئارەزومەندانەی کورد بکات لەو بەشانەی بەسەریدا دابەشکراوە .

مامۆستای مەزن وەك لە شیعری (هەر کورد دەبین )دا راستیی و واقیعی  بارودۆخەکەی خستوەتە رو ،هەمیشە وەك سیمبولێکی ئاشتیخوازی نەتەوەیی و جەماهیریی ، پێداگر لەسەر  پێویستیی و حەتمەیەتی شاد بونی کورد بە مافی رەوای ئازادیی و دیموکراسیی دەمێنێتەوە . 

درود و نەمریی بۆ ئەم رابەرە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان کە تەواوی تەمەنی بەخشی بۆ ئەوەی نەتەوەکەی بە سەرفرازیی بژی.

زیاتر بخوێنەرەوە

ستران عەبدوڵڵا

یادێکی بژوێن
Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved