عەممار حەکیم: سەرۆک مام جەلال رێبازێکی لەدوای خۆی بەجێهێشت

2023-05-14
عەممار حەکیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد و تاجە گوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مەزارەکە دانا و رایگەیاند، "سەرۆک مام جەلال پیاوی چارەسەرە گەورەکان بوو لە رۆژگاری قەیران و ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی گەلەکەمان و پرۆسەی سیاسی دەبوونەوە، هەروەها خەباتی زۆری کرد دژی دیکتاتۆرییەت".
 

سەرۆک مام جەلال رێبازێکی لەدوای خۆی بەجێهێشت

رۆژی هەینی 12-5-2023، عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، لە سلێمانی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال-ی کرد و دوای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لەسەر مەزاری مام لە دەفتەری یادەوەریدا و بە وەفادارییەوە رۆڵی مێژووی سەرۆک مام جەلالی لە خەبات و شۆڕشی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت و بنیادنانی عیراقی نوێ بەرزنرخاند و وەک سەرکردەیەکی کارێزمای نیشتمانی وەسفیکرد و رایگەیاند: "لەبەردەم کەسایەتییەکی نیشتمانی گەورە و پێگەیەکی عیراقی و کوردی مێژوویی، بەڕێز جەلال تاڵەبانی راوەستاوین، کە رێبازێک و قوتابخانەیەکی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری وڵاتمان".

"ئێمە دەزانین کە لە دژی دیکتاتۆرییەت خەباتی زۆری کرد بۆ بوونیاتنانی پرۆسەیەکی دیموکراسی، لەو دوو قۆناغەشدا سەرۆک مام جەلال رۆڵی گەورە و ئامادەبوونی کارا و چالاکی هەبوو، هەروەها پیاوی چارەسەرە گەورەکان بوو لە رۆژگاری قەیران و ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی گەلەکەمان و پڕۆسەی سیاسی دەبوونەوە"، عەممار حەکیم وادەڵێت.

سەرۆک مام جەلال سەمام ئەمان بوو

وتیشی: "سەرۆک مام جەلال سەمام ئەمانی پڕۆسەی سیاسی بوو، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی عیراقیدا یادی دەکەینەوە و خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر رێبازەکەی بەردەوامە و هیوای ئەوەمان بە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەیە کە بە هەمان ورەی سەرۆک مام جەلال-ەوە لەسەر رێبازەکەی بەردەوام بێت".
سەرۆکی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەشدا: "پەیوەندی نێوان خێزانی ئەلحەکیم و مام جەلال پەیوەندییەکی مێژوییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەهیدبوونی عەبدوڵڵا باقر ئەلحەکیم و پێشتریش بۆ شەهید عەبدولعەزیز ئەلحەکیم، لەسەردەمی بەگژداچوونەوەی دیکتاتۆرییەت و خەباتکردن پەیوەندییەکی قوڵ لەنێوانماندا هەبووە و چەندین بیرەوەری باش لەنێوانماندا هەیە و سەرۆک مام جەلال-مان بە مامی خۆمان دەزانی و پەیوەندییەکی ناوازەو دەگمەن لەنێوانماندا هەبوو".

کوردستان بەشێکە لە ئێمە و لە دڵماندان

دەشڵێت: "هەرێم بەشێکی سەرەکی پێکدێنێت لە عیراق، کاتێکیش سەردانی کوردستان دەکەین پێویستمان بە پاساوێکی دیاریکراو نییە چونکە ئێمە بیریان دەکەین و ئەوان بەشێکن لە ئێمە و لە دڵماندان".
سەرۆکی رەوتی حیکمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە حزبێکی سەرەکی وەسفکرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەیە و رایگەیاند: "پرسی بودجە و یاسای نەوت و گاز و یاسای دادگای فیدڕاڵی، ئەمانە کۆمەڵە پرسێکی گرنگن و ناکرێت بەبێ هاوکاری هێزە سیاسییە گەورە و کاریگەرەکان چارەسەر بکرێن بەتایبەتی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆیە راوێژکردن لەگەڵ یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی دیکە شتێکی گرنگە و ئەوەش پەیامی دۆستاییەتییە بۆ گەلی کوردستان و پێیان دەڵێین ئێوەمان خۆشدەوێت و سەردانتان دەکەین و بەردەوام پەیوەندیمان هەیە لەگەڵتان".

 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved