دوور لە سیاسەت لە بارەی سەرۆک مام جەلال_ـەوە

2024-05-13
دوور لە سیاسەت لە بارەی سەرۆک مام جەلال_ـەوە
ساڵی چەند لە دایکبووە و کێ ناوی مام جەلالی ناو ناوە؟
ناوی سیانی ھەڤاڵ مام جەلال چییە؟
چۆن قوناغەکانی خوێندنی بڕیوە؟ بەسەرهاتی خۆشی خوێندنگای چی بووە؟

تەواوی ئەم پرسیارانە و وەڵامەکانی لە کتێبی (مــــــــام جـــــــەلال، لە وەڵامی ٧٤ پرسیاردا) وەرگیراوە.

پ: بابزانین ناوی سیانی ھەڤاڵ مام جەلال چییە؟ 
مام جەلال/ ناوی سیانیم, مام جەلال کوڕی شێخ حوسامەدینی کوڕی شێخ نورەڵڵای کوڕی شێخ نوری کوڕی شێخ غفوری تاڵەبانییە، پێنج پشتم پێ وتی لەجیاتی سیان.

 پ/ ساڵی لەدایکبوونی مام جەلال؟
 وەڵامی مام جەلال: ساڵی لەدایکبوونم, بەڕاستی بە تەئکید نەزانراوە. من دایکم ھەزار رەحمەتی لێبێت, لادێی بوو. باوکیشم ساڵی لەدایکبوونمی نەنووسی بوو، دایکیشم ھەر ئەوەندەی لێی دەزانی، دایکم دەیوت ساڵێک دوای پەیدابوونی فلسی سوور لەدایکبووم، فلسی سووریش لە ساڵی ١٩٣٢ پەیدا بووە. بەم حیسابە بێت ساڵی لەدایکبوونم دەکاتە ساڵی  ١٩٣٣  دایکم دەشیزانی کەوەختی لەدایکبوونەکەم بە ھاوین بووە لەوە زیاتر ھیچی نەدەزانی. ھەندێک دەڵێن  ٣٤ ھەندێک دەڵین ٣٢  ھەندێک دەڵێن ٣٠, بۆیە من خۆم پێم وایە٣٠ بێت, بەتایبەتی کە ساڵی چوونە مەکتەبیش حساب دەکەم, کە من ساڵی  ١٩٤١ -١٩٤٢  چوومەتە مەکتەب دەبێ وابێت  .

پ/ کێ ناوی لێ ناویت مام جەلال؟ و/باوکم ناوی ناوم مام جەلال و حیکایەتەکەش بەم جۆرەی خوارەوەیە:  باوکم مامێکی ھەبووە, ناوی جەلال بووە, پێیان وتووە مام جەلال، ئەو مامەی باوکم بەلاوێتی مردووە، نزیک لەسەرووبەری لەدایکبوونم باوکم ئەو مامەی خۆی لە خەودا دیوە سێویکی داوەتێ, باوکیشم خەونەکەی بۆ مەلای گوندەکە گێڕاوەتەوە و ئەویش تەفسیری خەوەکەی بۆ کردووە, وتویەتی کوڕێکتان دەبێت. باوکیشم گووتویەتی ئەگەر کوڕمان بوو بەناوی مامە جەلالمەوە ناوی دەنێم, من بووم و ناوی لێنام مام جەلال, بەناوی مامە جەلالییەوە، لەبەرئەوە ھەر لە منداڵییەوە پێم وتراوە مام جەلال، وەکو بەعزە کەسێک ھەیە ناوی بابە شێخە، یان کاکە سوورە، ئاوایە منیش ناوم مام جەلالە.
  پ/ ئەی شوێنی لەدایکبوونت؟
مام جەلال/ شوێنی لە دایکبوونم دێیەکە بەناوی (کەڵکان) دەکەوێتە بناری کۆسرەت بەدیوی دەریاچەی دووکان. 

پ/ بەڵێ ئەی پلەی خوێندەواریت؟
  مام جەلال / من ئیبتیدایم لە کۆیە تەواوکردووە، متەوەستەم لە کۆیە تەواو کردووە، لە مەکتەب تەلەبەیەکی باش بووم. لەساڵی خۆیدا لەئیبتیدایدا یەکەمی ھەموو لیواکەش بووم، دەویسترا بمنێرن بۆ (کولیەی مەلیک فەیسەڵ) کە ئەو وەختە ھەبوو، کەسانی یەکەمی لیواکەمان بەخۆڕایی وەردەگیران، نەچووم، لەبەر سیاسەت نەچووم. متەوەستەم لەکۆیە تەواو کردووە، سانەوەی ساڵێک لەھەولێر، ساڵێک لەکەرکوک، پێنجی سانەویم لەکەرکوک تەواوکردووە، دوایی چوومەتە کولیەی حقوق، ھەموو ساڵەکانم بێ کێشە تەواو کردووە، ھەتا چوومە سنفی چواری کولیە، لەچواردا ڕامکرد، ئەمری گرتنم بۆ دەرچوو، نەچووم و خۆم بەدەستەوە نەدا چوومە ژێر ئەرز (مەبەستی لەخۆشاردنەوەیە(  ئەو وەختە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بووم.  بۆ کاروباری حزبی، چووبوومە ژێر ئەرز، مامەوە تا شۆڕشی ١٤ی تەمموز، وەلەو مودەیەدا لە سلێمانی دەژیام و خۆم لەسلێمانی شاردبووەوە. کە ١٤ی تەمموز ڕوویدا، چوومەوە بۆ کولیە. خوالێخۆشبوو عەبدولکەریمی قاسم ئەمرێکی دەرکرد زەحفی دا بە ھەموو کەسێک. یەعنی دەکرا من بچم بڵێم ساڵەکەم تەواو کردو یەکسەر ببم بە محامی، بەڵام نەمکرد، چووم خۆێندمەوە، ئەو زەحفەم نەویست، بەگاڵتە دەموت نامەوێت پێم بڵێن محامی زاحف. لەساڵی ١٩٥٩ خوێندنم تەواو کرد. کەواتە دەتوانم پێت بڵێم، من دەرچووی کولییەی حقوقی عێراقم، لە دەورەی ئەوەل لە جامعەی بەغداد.
پ/ باری کۆمەڵایەتی مام جەلال؟
 مام جەلال/ باری کۆمەڵایەتیم، خێزاندارم، ژنم ھەیە، دوو منداڵم ھەیە، دوو کوڕم ھەیە.
پ/ کوڕەکانت ناویان چییە؟ 
مام جەلال/ گەورەکەیان ناوی (بافڵ)ەو بچووکەکەیان ناوی (قوباد)ە. ھەر یەکەشیان مناسەبەتێک ھەیە کە ئەو ناوەم لێ ناون. بافڵ بەبافڵەکەی چەمی رێزان ناوم ناوە، چونکە لە فەترەی یەکەمی ٦١ تا ٦٣ شۆڕشی ئەیلول، من فەرماندەی ھەموو ئەو ناوچەیە بووم. لە رۆژھەڵاتی رووباری ئەوەی پێی دەڵێن زێی کۆیە، بارەگاکەم لە چەمی رێزان  بوو، چەمی رێزان جێگایەکی زۆر خۆش ھەیە، پێی دەڵێن ژێر بافڵەکە، بافڵەکە، بریتییە لە شەلالێکی ئاو، کە دێتە خوار. ئەوم بەناوی ئەوەوە ناو ناوە. دووەمیان ناوی قوبادە، ئەویشم بەناوی تێکۆشەرێکی ئێرانییەوە ناوناوە، زۆر رەفیقمان بوو،  ناوی قوباد بوو، زۆر قارەمان بوو، گیراو و لەژێر تەعزیبدا کوشتیان. کوڕەکانم ھەریەکەمان بە مناسەبەتێکەوە ناوناوە.
پ/ باشە تەمەن درێژبن. با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی مناڵی، ئەگەر یادەورییەکی خۆشت ھەبێت ئەوکاتانەی خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی بوویت؟
مام جەلال / مەقسەدت چییە لە خۆش؟
  پ/ئەو کاتانەی کە خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی بوویت یادەوەرییەکی خۆش؟
 مام جەلال/ من خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی بووم، چەند یادەوەرییەکم ھەیە. من کە ھاتم لەلادێوە ھاتم بۆ کۆیە، من ھەتا تەمەنی چوار پێنج ساڵی لە لادێ ژیاوم. دوایی باوکم بووە بەمورشیدی تەکێی تاڵەبانی لە کۆیە، ماڵمان لەگوندەوە گواستییەوە بۆ کۆیە. لەبەرئەوە کە چوومە مەکتەب، ساڵی یەکەم خوێندکارەکانی ھاوسنفم زۆر گاڵتەیان پێدەکردم. من مەسەلەن لەباتی (لۆ) دەمگوت لە (بۆ) یان لەبری (چۆن) دەمگوت  (چلۆن)، ئەوانیش ھەموو گاڵتەیان پێدەکردم. یەکەم ساڵێکی ناخۆش بوو لەکن من، تووشی شەڕ دەھاتم، لەسەر ئەو کەلیماتانە، بەڵام چونکە خوێندکارێکی باش بووم ئیتر وردە وردە مامۆستاکانم خۆشیان دەویستم یارمەتییان دام و ئیتر خوێندکارەکانیش لەگەڵم ڕاھاتن و بووم بە دۆستیان. لە ئەو ساڵانەدا، کە لەوێ بووم، ئەوەی دێتە بیرم ئەوە بوو، من شتم زۆر زوو لەبەردەکرد. یەعنی لەبەرکردنی شیعر و دەرخیاتدا چالاک و ئازا بووم و یەکێک  بووم لەو خوێندکارانەی کە بەیانیان مەکتەب ڕیز دەبوو پێش ئەوەی بچینە دەرس دەیانھێنامە دەرێ تاشیعر بخوێنمەوە.  زۆرتر ئەو شیعرە نیشتمانییانەم دەخوێندەوە کە فێر دەکرام. چ لە ماڵەوە یان چ لە مەکتەب مامۆستاکان فێریان دەکردم. رۆژی دوو جار دەھێندرامە دەرەوە.  بەیانیان و پاش نیوەڕۆیان شیعرم دەخوێندەوە شیعری نیشتمانی.
 * کتێبی مام جەلال لە وەڵامی ٧٤ پرسیاردا لەلایەن رێبوار ستارەوە، ئامادەکراوە،  باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێشەکی بۆ نووسیوە و لەسەر ئەرکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی چاپ کراوە. 

*کتێبی (مــــــــام جـــــــەلال، لە وەڵامی ٧٤ پرسیاردا) دەقی چاوپێکەوتنی رادیۆی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٠ دا.




 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved