بۆ یەکەم جار سەرۆک مام جەلال وتارێک دەخوێنێتەوە، ناوەڕۆکی وتارەکە چی تێدا بوو؟

2024-05-21
بۆ یەکەم جار سەرۆک مام جەلال وتارێک دەخوێنێتەوە، ناوەڕۆکی وتارەکە چی تێدا بوو؟
ئەو پرسیارانەی سەعید قەزاز لە سەرۆک مام جەلالی کرد چی بوو؟
کێ زۆر تەئسیری ھەبوو لەسەر پەروەردەکردنی مێشکی سەرۆک مام جەلال؟
حوسامەدین تەیب کێیە؟ چی فێری سەرۆک مام جەلال کرد؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەند پرسیارێکی دیکە لە زوبانی سەرۆک مام جەلالەوە
****************************
پرسیار/ پەیوەندیی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ مامۆستاکانی چۆن بوو؟
سەرۆک مام جەلال: ئەوەم لەبیرە لەگەڵ مامۆستاکان بەینم زۆر باش بوو. ئەوانەی کە دەمناسین یەکێک لەوانە )مامۆستا مەجیدە فەندی شێخ میریە( ە کە مامۆستای تەئریخمان بوو، زۆر تەئسیری ھەبوو لەسەر پەروەردەکردنی مێشکمان مامۆستایەکی ترمان ھەبوو کەمال ئەفەندی… مامۆستا کەمال عەبدولقادر نەشئەت، مامۆستای ریازەمان بوو، زۆر تەئسیری  ناحیەی  سیاسی لێکردین و رایدەکێشاین بۆ ناحیەی کاروباری سیاسی.
پرسیار/ سەرۆک مام جەلال بەهۆی کێوە فێری سیاسەت دەبێت؟
 سەرۆک مام جەلال: ئێمە دوو سێ برادەر و خوێندکاری دیار بووین، یەعنی خوێندکاری بڵێن یەکەم و دووەم یان زیرەکەکانی سنفەکە بووین، بەفێڵی ئەوەی کە ئێمەی کردبووە لێپرسراوی پینگ پۆنگ (تێنسی سەر مێز)، بۆئەوەی پارەکان تەسجیل بکەین،  لێمان نزیکبووە و  وردە وردە ڕایکێشاین، کۆبوونەوەیەکی پێکردین لە ماڵی خۆی و کۆمەڵەیەکی پێ دروستکردین، لەسنفی پێنجی ئیبتدایی بووم، ناوی کۆمەڵەی پێشکەوتنی خوێندەواری K P X بوو، X  وەکو خوێندەواری،  K کۆمەڵە،  P  پێشکەوتن، واتە مامۆستا کەمال عەبدولقادر نەشئەت، فێری سیاسەتی کردین، بەھۆی ئەوەوە ھاتینە ناو سیاسەتەوە.
پرسیار/ سەعید قەزاز موتەسەرفی ھەولێر چەند پرسیارێک لە سەرۆک مام جەلال دەکات... ئەو پرسیارانە چی بوون؟
 سەرۆک مام جەلال: من لەساڵی ١٩٤٦ بووم بەئەندامی پارتی بەھۆی مامۆستایەکم ھەزار رەحمەتی لێ بێت ناوی )تاھیر سەعید(بوو، زۆر پیاوێکی زیرەک و بەشەخسیەت بوو، ئەوەی لەبیرمە لەو وەختەدا من لە ئیبتدائی بووم، وەکو زیاتر لە عومری خۆم رەفتارم لەگەڵ دەکرا، ھەر لەو ساڵەدا، لە حادیسەیەکی زۆر مەشھورم ھەیە کە خۆت گوتت خۆش بێت، ئەوە بوو لەسنفی چواربووم، خوالێخۆشبوو، سەعید قەزاز موتەسەرفی ھەولێر بوو، ھات بۆ شارەکەمان لەگەڵ فەرماندەی عەسکەری عێراق لەھەولێر و لەگەڵ خەڵکی تر. لە سنفەکەمان کە ھاتە ژووری ئێمە دەرسی تەئریخمان ھەبوو، دەرسەکە باسی مدحەت پاشاو ئیسڵاحاتی مدحت پاشابوو لەبەغدا، لەبەرئەوەی من لەڕیزی پێشەوە دانیشتبووم، منی ھەستاند، ووتی ھەستە بەبێ ئەوەی بزانێ کێم باسم بۆکرد مدحت پاشا چی کردووە، یەک لەوانە ترموای دانا لەبەینی کازیمەو بەغدا، باسی تراموای لێ پرسیم و منیش زۆر بەوردی بۆم باسکرد. زۆر بەلایەوە سەیربوو، ھەندێ سوئالی تری لێکردم. دوایی پرسی تۆناوت چی یە؟ ووتم فڵان.گوتی کوڕی کێی؟ گوتم کوڕی شێخ حوسامەدینی تاڵەبانی، ئاوا سەری بادا گووتی تاڵەبانی دوو بابەتن و خەتی مام ناوەندیان نییە.
کێ بوو بە سەرۆک مام جەلالی وت سمێڵ ستالین؟
سەرۆک مام جەلال: ئینجا ئەوە حادیسەیەکی دیکەشم بەبیردێنێتەوە بۆت بگێڕمەوە، وەک دەڵێن قسە قسە ڕادەکێشێت، ساڵی (١٩٥١) من لە چواری سانەوی بووم لەھەولێر تەواوم کردبوو، چووم بۆ پێنج، ئیمتیحانم نەدا، چونکە دەرەجاتەکانم ھەوراز (٩٠) بوو عەفو بووم لە ئیمتیحان. بۆ مەعلوماتی خۆت ھەموو ساڵەکانی یەک و دوو سێ و چواری سانەوی عەفو بووم و ئیمتیحانم نەداوە، چونکە دەرەجاتەکانم ھەوراز نەوەت بوون. وابوو ھەرچەند عەفوکرام ھاتبوومەوە کۆیە ئیمتیحانم لەکۆڵ بووەوە لە پڕ لەگەڵ مەجموعەیەک گیرام و نەفی کراین بۆ موسڵ. لەوێ سەعید قزازی ھەزار رەحمەتی لێ بێت موتەسەریف بوو، لەوکەسانەی کە لەبیرمە بەیەکەوە لەوێ نەفی بووین، خوالێخواشبووان کاک عومەر دەبابە، عەونی یوسف، چەند کەسانێکی تر یەکێکمان لەگەڵ بوو، خوالێخۆشبوو قادری حاجی حسێن خەڵکی شاری سلێمانی بوو، نانەوا بوو، ئەوسا پارتی بوو. دوایی بوو بە شیوعی، بەڵام ئەو سەردەمە پارتی بوو. دوو مانگی پێچوو ھیچ پارەیان نەداینێ، چونکە ئەو سەردەمە ھەر کەسێ نەفی دەکرا لەسەر سیاسەت رۆژی ١٠٠  فلسی دەدرایە. ئێمە ئەو ماوەیەکی زۆر بوو ١٠٠ فلسەکەمان وەرنەگرتبوو. چووین بۆ لای محافز شکات بکەین، کە چووین بۆ لای، ھەموومان بووین، فەڕاشەکە کابرایەکی بادینی فەقیرۆکە بوو، گوتی: بوەستن، مەچن راوەستن، ئەو سەفیری تورکانی لەکنە. قادری حاجی حسێنی چووە پێش و گوتی: بچۆ بڵێ سەفیری کوردستان ھاتووە. وەڵا ئەویش ھەر بە سادەیی خۆی چووە ژوورێ و گوتبووی جەماعەتێک ھاتوون یەکێکیان دەڵێت من سەفیری کوردستانم. وتی قەیناکە با جارێ بوەستن، با سەفیری تورکیا بڕوا، کە چووینە ژوورێ ئەوەڵ پرسیاری لێی کردین ئەوە بوو گوتی کێتان سەفیری کوردستانە؟
قادری حاجی حسێن گوتی من قوربان، گوتی تۆ کێی؟ گوتی من قادری حاجی حسێنم و ماڵەکەمان لەیەکەوە نزیکبوو، کاتی خۆی تۆ دەھاتی بۆ نانەواخانەکەی باوکم، گوتی قالە تۆ کاکەی کرێکاری پارتیت؟ ئەو وەختە کاکەی فەلاح ھەبوو، کاکەی فەلاح شیوعی بوو مەشھور بوو، لە سلێمانی بە کاکەی کرێکاری پارتی مەشھور بوو، بۆیە گوتی ئەی قالە، ئەوە تۆی، تۆی کاکەی کرێکاری پارتی؟ دوایی ھات لە ھەموومانی پرسی گوتی کێتان عومەر دەبابەیە؟ کاکە دەبابە گوتی منم، گوتی عومەر ئێوە ئەگەر بێنە سەر حوکم من ئاوھا دەتانبینم و ئاوھا رێزتان لێدەگرم و ئێوە چیمان لێدەکەن؟ گوتی دەتدەینە مەحکەمەی شەعب.  جا بە سوتفە کە وەختی خۆی، سەعید قەزاز گیرا، درا بە مەحکەمەی شەعب. زۆر کەس دەیانویست کاکە عومەر بچێ شایەتی لەسەر بدات نەچوو، گوتی پیاوەتی لەگەڵمان بووە. ئینجا دوای ھاتە سەر من گوتی ئەو سمێڵ ستالینییە کیێیە؟ من ئەوکات سمێڵێکی گەورەم ھەبوو، ئەوھا سمێڵێکی پانم ھەبوو. گوتیان ئەوە فڵان کەسە،  گوتی جەلال وەرە وەرە رۆڵە ئەو سمێڵە ستالینییە لێی تێکدام من تۆم لەبیرە مناڵ بوویت، حادیسەکەی چواری ئیبتیدائی ھەر لەبیری مابوو، گوتی تۆ لای خۆی لە تاڵەبانییە عاقڵەکان بوویت، چی تۆی گەیاندە سیاسەت و ئەو شتانە؟ وتم وەڵا رەنگە عاقڵیەکە وایکردبێت منی گەیاندبێتە سیاسەت. ئیشەکەی بۆ کردین،  ھەزار رەحمەتی لێبێ گوتی: ئێوە دوای کڵاوی با بردوو کەوتوون. وتی ئەو کوردستانە چۆن رزگاری دەبێت؟  کێ سلێمانی و مھاباد و کرماشان و دیاربەکر بەیەکەوە دەبەستێتەوە؟ ئەمە بەتەقەڵی چ خەیاتێک لێکدەدرێت، بڕۆن بخوێنن و ئیشی خۆتان بکەن، خولاسە ئیشەکەی بۆ کردین و قسەی خۆشی لەگەڵ کردین. 
یەکەم جار مام جەلال وتارێک دەخوێنێتەوە
سەرۆک مام جەلال: ئەو حادیسەیەی لەگەڵ ئەو لەئیبتیدائی یەکێکە لەو حادیسانەی لە ژیانمدا لەبیرم ناچێتەوە، کە یەکەم جاریش لە نەورۆز خوتبەم دا، ھەر لە ئیبتیدائی بووم، سنفی پێنجی ئیبتیدائی بووم، نەورۆزیان کردبوو مەکتەبەکەی من منیان دانا بچم بۆ حەفلەکە خۆم خوتبەیەکم نوسیبوو، بۆ خۆم نوسیبووم. یەکەم جارم بوو چووم لە نەورۆزدا خوێندمەوە. ئەوەش شتێکە قەت لەبیرم ناچێتەوە .
حوسامەدین تەیب چی فێری سەرۆک مام جەلال کرد
سەرۆک مام جەلال: شتێکی تریشم لەبیرە بۆت بگێڕمەوە کاتی خۆی برادەرێکمان ھەبوو لە ئێمە گەورەتر بوو ناوی  (حوسامەدین تەیب) بوو ھەزار رەحمەتی لێبێت لەقەبەکەی شەعب بوو, ئەو ئێمەی فێری کوردایەتی دەکرد, یەکێک لەو شتانەی  فێری دەکردین دەبوو شەو بچینە سەر قەبرستانەکان نەترسین. شەوان تاقیدەکردینەوە, ئاڵای کوردستانی دەداینێ و دەیگوت بڕۆنە سەر فڵان قەبر،  سەرقەبرانەکانی دەرەوەی کۆیە, عادەتان قەبرەکان ھەمووی لە دەرەوەی کۆیە بوون. ئەو وەختە تەکیەی کۆن قەبرستانی لای دەرەوەی کۆیە بوو، بەلای ھەیبەت سوڵتاندا بوو, بەشی من ئەوێ بوو, دەبوو بچم بیبەم بۆ تەکیە کۆن کە دوور بوو گردیش بوو. چووم پۆلیسەکان دەنگیان دام, رایانگرتم, بانگیان کردم وتیان ئەوە چ دەکەی لێرە؟ بردمیان بۆ لای مەئموری ھەیئەکە دەیناسیم، وتی چی دەکەی بەو شەوە لێرە؟ گوتم وەڵا ھاتم لەسەر قەبری نازانم کێ فاتیحا بخوێنم, بۆ سبەینێ ئاڵای کوردستانیان دۆزیبۆوە و لەوێ شکیان لەمن پەیداکرد، بەڵام نەیانگرتم.
* کتێبی مام جەلال لە وەڵامی ٧٤ پرسیاردا لەلایەن رێبوار ستارەوە، ئامادەکراوە،  باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێشەکی بۆ نووسیوە و لەسەر ئەرکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی چاپ کراوە. 

*ئەم کتێبە دەقی چاوپێکەوتنی رادیۆی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٠ دا.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved