سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی هەوڵی تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسیی خوێندنی باڵا لە وڵاتی قەتەر دەدات

2024-05-28

رۆژی چوارشەممە، 5/22/2024، باڵیۆز، د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەگەڵ شاندی یاوەری سەردانی باڵیۆزخانەی دەوڵەتی قەتەریان کرد لە بەغدای پایتەخت و لەلایەن بەڕێز عەبدولعەزیز ئەلعوبەیدان جێگری باڵیۆزەوە پێشوازییان لێکرا .

 باڵیۆز، د. محەمەد سابیر باسی لە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد و وتی: " دامەزراوەیەکی نا حکومی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێ لایەنە، کولتووری، مرۆڤایەتی و نیشتمانییە، کاردەکات بۆ ناساندن، پاراستن، ئەرشیف کردنی ژیان و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی".
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی داوای تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسیی ئەکادیمی لە زانکۆکانی وڵاتی قەتەر بۆ دەرچووانی خوێندکارانی عیراق بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە سەرجەم بوارەکاندا کرد.

لای خۆیەوە جێگری باڵیۆزی دەوڵەتی قەتەر لە بەغدا، بەخێرهاتنی سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و شاندی یاوەری کرد خۆشحاڵی خۆی بەهاتنیان دەربڕی، ستایشی هەوڵە جدییەکانی دامەزراوەکە لە کارەکانیدا کرد، ئەوەشی خواست دامەزراوەکە ببێتە ناوەندێک بۆ پەروەردە، ڕاهێنان و گرنگیدان بە گەشەپێدانی مرۆیی و کولتووری.

بەڕێز عەبدولعەزیز ئەلعوبەیدان بەڵێنی بە سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دا کە هەوڵی خۆیان بدات بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراو و رێکخراوە هاوشێوەکانی دامەزراوەکە لە وڵاتی قەتەر بۆ کاری هاوبەش لەو بوارانەی کە دامەزراوەکە کاری تێدا دەکات.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved