بۆچی خزمەکەی عزەت دووری لە هەموو دانیشتنەکانیدا وەسفی پێشمەرگەی دەکرد؟

2024-07-25
 بۆچی خزمەکەی عزەت دووری لە هەموو دانیشتنەکانیدا وەسفی پێشمەرگەی دەکرد؟
سەرۆک مام جەلال چیرۆکی ئازادکردنی کوڕی سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەب دەگێڕێتەوە
سەرۆک مام جەلال: جەمال ئاغا توڕەکردنی ئاسانە یان مەتحی شیعری نوێی بۆ بکە توڕە دەبێت

سەرۆک مام جەلال: حەکایەتێکی دکتۆر خدرەتان لە بۆ باس بکەم، نایب زابتێکی عەرەب لەلامان ئەسیر بوو، ئەو نائیب زابتە خەڵکی ناوچەی دۆرە بوو، جارێکی چووینە لای عیزەت دووری بۆی گێڕاینەوە و گووتی ئەگەر قسەی باش بکەن، خەڵک بە باشی باستان دەکات یان شتی خراپ بکەن، خەڵک بە خراپ باستان دەکات . ئەو حەکایەتەی  باسکرد کە ئێستا بۆت دەگێڕمەوە، سەرۆکی عەشیرەتی ئەم کوڕە کە گیرابوو، دەپرسێ و دەڵێ کوڕەکەمان لە کوێ گیراوە دەڵێن )عند المخربین( ئەویش وا تێدەگات مخربین عەشیرەتێکن وەکو عەشیرەتەکانی تر و دەڵێت:مخربین( لەکوێن؟ دەڵێن لەو لای قەڵادزێن لە شێنێ و ئەویش پیاوێکی عەرەبی موحتەرەم بوو بە عەباو عەگالەوە دێتە شێنی َ و تووشی دکتۆر خدر دەبێت دکتۆر خدریش دەچێتە پیرییەوە و دەڵێت )ھاعمی شترید؟( دەڵێت ھاتوومە بۆ لای رئیس المخربین، حاڵ و مەسەلەیەکی ئاوایە، دەڵێ: باشە وەرە ئەمن دەتبەم بۆ لای رەئیسی المخربین دەنگ ناکات، وەڵا ھێنای بۆلای من و تەقدیمی منی کرد و گووتی ئەوە رەئیسی مخربینە، منیش لەبەری ھەڵسام و گووتی یا رئیس المخربین، پیاو ئیشی لە پیاو دەکەوێت و وە پیاو دەچێتە ماڵی پیاو. وەڵاھی رئیس المخربین ئێمە کوڕمان گیراوە لای ئێوە، تۆ ھەرچی بڵێی غەیری ژن، کە ژنمان نییە بیدەین، دەنا پارە دەڵێیت، چەک دەڵێی ھەموو شتێک دەدەین، بەس کوڕەکەمان بۆ بەردە منیش گووتم بەسەرچاو، کوڕەکەت بۆ بەردەدەم. زانیم نازانێت مانای مخەریبین خراپە و فێڵی لێ کراوە. گووتم بەو شەرتەی نیوەڕۆ لەگەڵمان بیت و ئێستا دەنێرم کوڕەکەت بۆ بێت، گووتی بەسەرچاو. ناردم کوڕەکە ھات و دەستی ماچ کرد لەوێ دانیشت و پێم گووت ئیتر تۆ ئازادی و دەچیتەوە
کوڕەکە دەیزانی نائیب زابت بوو، عەسکەر بوو، شێخی عەشیرەتەکە دەستیپێکرد و گوتی یا رئیس المخربین، ئیتر قەت لە چاکەت دەرناچم، ئەو پیاوەتییەی تاڕۆژی قیامەت لە یادمە، وەڵڵاھی یارئیس المخربین من ئەو پیاوەتییەی تۆم قەت لەبیر ناچێت، بەتایبەت کە تۆ ھیچت ناوێ، کوڕەکە سەری بردە بن گوێی، دیار بوو پێی گوت: مامە وامەڵێ وەڵا پەشیمان بووە و گوتی وەڵڵاھی... جنێوێکی بە حکومەت و گوتی بەنەعلەت بن، ئەوانە ئێمەیان وافێرکردووە، وەڵاھی ئێوە موخەریب نین. ئێوە وان و وان و پیاوی باشن، گوتم قەیناکا گوێ مەدەرێ. جا کە ڕۆشتبۆوە لەھەر مەجلیسێکا دانیشتبوو مەدحی ئێمەی دەکرد، عزت دووری بۆی گێڕامەوە وتی، ئەگەر چاکە بکەیت ئاوایە.  گوتی لەھەر مجلیسێک دانیشت مەدحی ئێوەی دەکرد. ھەتا دەوائیری ئەمن پێیان وتبوو بڕۆ ئەو خزمەت بێدەنگ بکە باچیتر مەدحی ئەوان نەکات، تومەس خزمی عیزەت دووریشە بۆی پێیان گوتبوو بڕۆ پێی بڵێ  ئەو دیعایە چییە بۆ (یەکێتی و موخربین) دەیکات و بۆچی دادەنیشێ لەھەر مەجلیسێک مەدحیان دەکات، عیزەت دووری وتی بۆیە چووم بۆلای بۆ ئەوەی پێبڵێم ئەوەندە مەدحی ئێوە نەکات.  عزەت دووری وتی وەڵڵاھی کە چووم بەسەر ئەوەدا چووم مەتحی ئێوەی دەکرد و منیشی بینی ھەرنەیبڕییەوە و بەدەنگی بەرز وتی وەڵڵا ئەوە عیزەتیش ھات،  بەڵام وەڵڵاھی ئەمانە مخرب نین، بەڵکو ئەوانە زۆر پیاوی نەجیب و زۆر بەڕێزن. زۆر خاوەن چاکەن، من کاتێک چوومە لایان وامەردبوون و وا بوون و وابوون. منیش پێموت عەمی، من ھاتووم ھەتا پێت بڵێم چیتر دیعایەیان بۆ مەکە. چیدی مەڵێ ئەوانە وانین و ئەوانە ئاوان. مەبەستی ئەوەبوو کە ئەگەر چاکە بکەیت لەگەڵ خەڵک ئەوھا خەڵکمان دەبێت.
 پ/ مامە گیان حەز دەکەین شتێکی بەینی خۆت و مامە جەمالمان بۆ باس بکەیت؟
 سەرۆک مام جەلال: من دەمێکە جەمال ئاغا دەناسم، جەمال ئاغا تێکۆشەرێکی دێرینی ئەم شارەیە. پیاوێکە یەکێکە لە شەخسیاتە نیشتمانپەروەرەکان کە بێ لادان و کۆڵدان بەڕاستی ئەمە نزیکی (٥٠) ساڵە لە خەبات درێژە پێدەدات و لەسەر یەک رێبازو لەسەر یەک خەت، پیاوێکی تا بڵێی نەبیل و پیاوێکی زیرەکیشە، رووداوێکتان بۆ دەگێرمەوە لە بەینی خۆم و جەمال ئاغا، دیارە زۆر شتمان لەبەینا ھەیە، بەڵام یەکێکیان دەگێرمەوە،  جەمال ئاغا کردبووی بەعادەت، ھەموو ساڵێک برنجی بۆ مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد دەنارد منیش کە لێرە بەرپرسی پارتی بووم لە سلێمانی ھەموو جارێک دەمگوت جەمال ئاغا باشە بەکەرکوک-دا دەچم ماڵی کاکە دەبابەی لێیە، ماڵی عەلی عەسکەری لێیە. ئێ باشە جیرانی ماڵی مامۆستا برایم ماڵی مەرحوم نوری شاوەیس ئەی بۆ ئەوان؟ ئەویش دەیوت: مام جەلال تۆ بەتەمای ھەرچی سەرسواڵکەری پارتی ھەیە بەمنی بەخێوکەی؟ من ئەوەم پێناکرێت، جارێکیان لە بەغدا ھاتمەوە، وتم جەمال ئاغا برادەران سەلامیان لێدەکردی، مامۆستا برایم و نوری شاوەیس و فڵان و ھەروەھا وتم جەلال حوسامەدین ئەویش زۆر سەلامی لێدەکردی، وتی جەلال حوسامەدین کێیە؟ وتم وەڵایی خۆی زۆر بە دۆستی تۆ دەزانێت وتی بە زات و سیفەتی خوا نایناسم، وتم چۆن نایناسی؟ جەمال ئاغا ئەو خۆی زۆر بەدۆستی تۆ دەزانێت؟ ئەو دەڵێ من دیومە و جەمال ئاغا زۆر باش دەناسم و زۆر خۆی بەنزیکی تۆ دەزانێت، دیارە لە زۆر جێ تۆی دیوە.  وتی لە کوێ دیومی؟ وتم دەڵێ لە کەرکوک دیومە، لە بەغدا دیومە لە سلێمانی دیومە لە زڕگوێز دیومە، ئاوڕی دایەوە و وتی جەلال تۆ نەبی؟ وتم بەرێوەڵڵا منم.
 پ/ مامە گیان جەمال ئاغا بەچی توڕە دەبێت؟
سەرۆک مام جەلال: جەمال ئاغا توڕەکردنی ئاسانە، مەتحی ھەولێر بکەو زەمی سلێمانی بکە، بەوە توڕە دەبێت یا کۆنە برادەرەکانی خۆی، برادەری خۆی زۆر خۆشدەوێت و زۆر موخلیس و بەوەفایە بۆ برادەری قەدیمی خۆی، بۆ ھەر شتێک لەسەر ئەوانە بڵێ ئیدی ئەو توڕە دەبێت.  یان مەتحی شیعری نوێی بۆ بکە توڕە دەبێت، ئەوە بە شیعری نازانێت، دەڵێ سێ جڕتەکییە.

* وەڵامی ئەم پرسیارانە لە کتێبی (مام جەلال لە وەڵامی ٧٤ پرسیاردا) وەرگیراوە، باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێشەکی بۆ نووسیوە و لەسەر ئەرکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی چاپ کراوە. 
 


 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved