پەیامی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە یادی دە ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا

2024-08-04
ئەمڕۆ دە ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن گرووپی تیرۆرستی داعش لە شەنگال تێدەپەڕێت، لە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ بە هەزاران ئێزیدی بێ گوێدانە تەمەنیان کوژران و رفێندران، بەشێکییش تائێستا بێسەروشوێنن.
ئەو هێرشانەی رێکخراوی تیروریستی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان ئەنجامیاندا، کۆمەڵێک پێشێلکاری دژی بەها و مافەکانی مرۆڤایەتی لە خۆگرتبوو، لەوانەش دەرکردن لەسەر زێدی خۆیان و کوشتنی بە کۆمەڵ، گۆڕینی زۆرەملێی ئایین، گەڕانەوە بۆ سیستمی عبودییە، بە کۆیلەکردنی سێکسی و رفاندنی ژنان و منداڵان، هەموو ئەمانە بوونەتە ئازارێک لەسەر جەستەی تاک بە تاکی ئێزیدییەکان رۆژانە پێوەی دەناڵێنن.
لە پرۆسەی رزگاركردنەوەی شەنگالدا دژی تیرۆریستانی داعش، قۆناغەکانی دوای رزگارکردنی شارەکە و رزگارکردنی زیندووان رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو پرۆسانەدا جێگەی شانازییە، هەروەها لەلایەکی دیکەوە دەبێت هەوڵی لابردنی تەگەرە سیاسییە درووستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ سەر زێدی خۆیان بدرێت وەک بچووکترین مافی خۆیان و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریان بۆیان.
کوردانی ئێزیدی بەدرێژایی مێژوو و بە بەردەوامی بەهۆی ئایین و زمانی دایکیان کە کوردییە، رووبەڕووی جینۆساید دەیان تاوانی دیکە بوونەتەوە، دڵنیایی لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی کوردستانی دەکەینەوە، دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکرنەوە بۆ قەزای شەنگال بە پێویست دەزانین و ناساندنی تاوانەکە وەک جینۆساید لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان گەڕانەوەی بەشێکە لە ماف بۆ ئێزیدییەکان.
هەزاران سڵاو بۆ رۆحی پاکی شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدی شەنگال.

یوسف زۆزانی
جێگری سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved