وتاری سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبی (التكييف القانوني للجرائم المرتكبة ضد الايزيديين)

2024-08-12
میوانانی بەڕێز، نووسەران و توێژەران، بەخێربێن، خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لە مەڕاسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبی (التکییف القانوني للجرائم المرتکبة ضد الایزدیین) بۆ نووسەرو مامۆستای زانکۆ (د. دڵپاک تاهیر).
بەڕێزان ئاینی ئێزدی یەکێک لە ئاینە کوردییە ڕەسەنەکانی کوردستانەو بەشێکی گرنگی ناسنامەی نەتەوەیی کورد پێکدەهێنێت، بەداخەوە بەدریژایی میژوو پەیڕەوانی ئەم ئاینە بە بیانووی جیاوازی بیروباوەڕو کوردبوونیان زیاتر لە ٧٤ جار بەرشاڵاوی کۆمەڵکوژی کەوتوون، کە کاریگەری خراپی لەسەر لایەنی دەرونی، کۆمەڵایەتی، شێوازی ژیان و مافی ئازادانەی پەیڕەوکردنی ئاینی لای ئێزدییەکان دروستکردووەو لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگی داوەتەوە.

لەدوای پەلاماردانی داعش بۆ ناوچەکەو هێرشکردنە سەر شەنگال و دەوروبەری ئێزدییەکان جارێکیتر تووشی کۆمەڵکوژی و دەربەدەری بوونەوە ، کە بە پێی ئامارەکان لەو هێرشانەدا ٦٤١٧ کەس فڕێندراون کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵبوون، هەر بەپێی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، داعش ٦٨ مەزارگەی لە ناوەو دەرەوەی شەنگال لەناوبردووە، هەروەها ٨٣ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە کەدەیان ژن و منداڵی تێدابووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا وەک پێویست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کارنەکراوە بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەم تاوانە گەورەیە.

بەڕێزان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە سۆنگەی گرنگیدانی سەرۆک مام جەلال بە سەرجەم پێکهاتە ئاینییەکان لە کوردستان و عێراق، کاردەکات بۆ بەرگریکردن لە مافی پەیڕەوانی ئاینە جیاوازەکان و پێکەوە ژیانی ئاشتاینە و پاراستنی ناسنامەی کەلتووری و ئاینیان، پەیڕەوانی ئاینی ئێزدیش وەک بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەچوارچێوەی ئەو گرنگی پێدانەدایە، سەرۆک مام جەلال زۆر گرنگی بەم لایەنداوەو لەچەندین کۆبوونەوەو دیداردا ئاماژەی بەوەکردووە کە "ئێزدییەکان کوردی ڕەسەنن و بەهەموو جۆرێک مافی خۆیانە کە کاروچالاکی ئاینی خۆیان ئەنجامبدەن، بەرگری لە مافەکانیان دەکەین، دەبێت کارێک بکەین کە ئێزدییەکان هەست بە بێکەسی نەکەن و پێویستە بە کردار کار لەسەر مافەکانیان بکەین و گرنگییەکی تایبەت بە مەڕاسیمە ئاینییەکانیان بدەین"

دامەزراوەکەمان لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی کە دروستکردنی ئەرشیفی نیشتیمانییە، بەشێکی تایبەتی تەرخانکردووە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو بەڵگەنامە مێژوویانەی کە پەیوەندییان بە مێژووی ئێزدییەکان و کاکەییەکانەوە هەیە، لەڕێگەی ئەو بەڵگەنامانەوە دەتوانین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە هێزێکی زیاترەوە بەرگری لە مافەکانیان بکەین و ئەوتاوانە گەورەیە بە جینۆسیاید بناسێنین، هەروەها دەرفەت بڕەخسێنین بۆ توێژەران و نووسەران کە بتوانن ئەو بەڵگەنامانە وەک سەرچاوە بۆ توێژینەوەکانیان بەکاربهێنن.

ئەم توێژینەوەیەی بەڕێز د.دڵپاک بەشێکە لەو هەوڵە گرنگانەی کە دەدرێت لە پێناو بە نێودەوڵەتیکردنی جینۆسیادی ئێزدییەکان و بەخشینی چوارچێوەیەکی یاسایی بەو دۆسییە گرنگە، ئێمەش وەک دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی هاوکارو پشتیوانی هەر پڕۆژەیەک دەبین کە خزمەت بە پاراستنی ناسنامەی ئاینی و کەلتووری ئێزدییەکان باکات.


 باڵیۆز د. محەمەد سابیر
 سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی





 
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved