سەرۆک مام جەلال: دیموکراسی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
2024-09-24
سەرۆک مام جەلال: دیموکراسی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
ساڵیادی لوتکەی دیداری دوو سەرۆك مام جەلال و جۆرج بوش
سەرۆک کۆماری ئەمەریکی: سەرۆک تاڵەبانی هەموو ژیانی خۆی تەرخان کرد لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی لە عێراقدا
ڕۆژی هەینی ١٣/٩/٢٠٢٤ یادی یەکەمین دیداری لوتکە بوو لەنێوان هەردوو سەرۆک، جۆرج بوش و مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٥، کاتێك سەرۆک کۆماری ئەمەریکی جۆرج دەبلیو بوش پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراقی جەلال تاڵەبانی کرد لە کۆشکی سپی لە رێکەوتی (١٣-٠٩-٢٠٠٥). لە میانی دیدارەکەدا هەردوو سەرۆکی عێراقی و ئەمەریکی کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان باسکرد لە هەنگاونان بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی سیاسی و دەستوری و هەڵبژاردنی داهاتوو لە عێراق گرنگترین تەوەر بوون کە گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەگەڵ کۆمەڵێك لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە مێژووی کۆن و تازەی عێراقەوەیە.
ئامادەبووانی دیدارەکە بریتیبوون لە: دیك چینی، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریکی و کۆندۆلیزا رایس، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و زالمای خەلیل زاد باڵێۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئیدارەی هەولێری حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق، وەزیری زانست و تەکنەلۆژیا، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ژنان ئەمەریکی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی.
سەرۆک تاڵەبانی یەکەمین سەرۆکی عێراقی هەڵبژێردراو بوو کە سەرۆکی ئەمەریکا پێشوازی لێ بکات و کۆبوونەوەی لەگەڵ بکات.
شایەنی باسە سەردانەکەی سەرۆک تاڵەبانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ پلە باڵاکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی بانگهێشتنامەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بووە.
دوای کۆتایی هاتنی دیدارەکە، هەردوو سەرۆک تاڵەبانی و بوش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئه نجامدا لەسەر بارودۆخی عێراق و ناوچەکە .
دەقی وتاری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا جۆرج بوش لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی عێراق
شەرەفمەندم بە پێشوازی کردنم لە یەکەمین سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو بە شێوازێکی دیموکراسی، شانازی دەکەم کە لە تەنیشت سەرکردەی بوێری گەلی عێراقیەوە وەستاوم کە دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانە و بەڵگەیە بۆ هێزی ئازادی مرۆڤ.
جەنابی سەرۆک...
سوپاس بۆ سەرکردایەتیت سوپاس بۆ ئازایەتیت.
سەرۆک تاڵەبانی ژیانی خۆی بۆ پرسی ئازادیی عێراق تەرخان کرد وەک پارێزەرێك و ڕۆژنامەنووسێك و سەرکردەیەکی سیاسی له باکووری عێراق ڕووبەڕووی دیکتاتۆری دڕندە بووەوە لەبەر ئەوەی باوەڕی بەوە هەبوو کە هەموو تاکێکی عێراقی مافی خۆیەتی ئازاد بێت.
دیکتاتۆری عێراق هەموو گوندە کوردنشینەکانی وێران کرد و فەرمانی کرد بە هێرشەکردنە سەر شارە کوردییەکان بە گازی ژەهراوی و چەوساندنەوەی گروپە ئایینی و ئەتنییەکان.
سەرۆک تاڵەبانی...
ئەو ڕۆژەی سەدام لە دەسەڵات لادرا ڕۆژی ڕزگاربوون بوو، ئەمریکا هەمیشە شانازی دەکات بەوەی سەرکردایەتی سوپای ئازادیمان کرد. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، گەلی عێراقی تێڕوانینی خۆیان بۆ داهاتوو ڕوونکردەوە ، لە کانوونی دووه می ڕابردوو ملیۆنەها عێراقی بەدەنگدان لە هەڵبژاردنی ئازاددا ڕووبەڕووی ئۆتۆمبیلی بۆمب ڕێژکراو کوشتن بوونەوە. لە (٪٨٠) ی ئه ندامانی هه ڵبژێردراوی ئه نجومه نی نیشتیمانی سەرۆک تاڵەبانیان هەڵبژارد و ئەویش ئه ندامی کەمینەی کوردییه بۆ سەرۆکایەتی گەلی عێراقی ئازاد، پاش هەڵبژاردنی پیرۆزبایی لێ کرا بۆ سەرکردایەتی کردنی لە کاتی داڕشتنەوەی دەستوور. رەشنووسی دەستوور شوێنەوارێکی مێژووییە، لەبەرئەوەی ئازادی، ئایین و پێکەوەژیان و ئازادی رادەڕبرین و ویژدان دەپارێزێت و بانگەشە دەکات بۆ سیستەمێکی حوکمڕانی فیدرالی کە بابەتێکی سەرەکییە بۆ پارێزگاری کردن لە هەمەچەشنی وڵاتێکی وەک عێراق و دەستووریش رایدەگەێنێت کە هەموو عێراقییەکان ئازادن لەبەردەم یاسادا بێ گوێدان بە ڕەگەز و ئایین. گەلی عێراق ده بێت شانازی بە رەشنووسی ده ستوورە وە بکات و لە
هه ڵبژاردنه کانی مانگی داهاتوودا دەرفەتی رادەربڕینی دەبێت.
گەلی عێراق لەسەر ڕێگەی ئازادی بەردەوامن بەس دوژمن هێشتا دڕندەو پێداگرە، بکوژانی عێراق سەر بە هەمان ئایدۆلۆژیای ئەوانەن کە چوار ساڵ پێش ئیستا هێرشیان کردە سەر ئەمەریکا و تێڕوانینیان بۆ عێراق وەک تێڕوانینی ئەفغانستان وایە لەژێر دەستی تاڵیباندا. ئەوان کچەکانیان بێ بەش کرد لە خوێندن و ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە و ئەفغانستانیان بەکارهێنا بۆ پلان دانانی هێرشەکانیان بۆ سەر بێتاوانان و پلانەکانیان ئەوەبوو ئەمەریکا دەربکەن لە عێراقدا پێش ئەوەی عێراق ئازادی بەدەست بهێنێت. ئەوان پێیان وایە کە ئێمە پاشگەزدەبینەوە لە کاتی تووندووتیژیدا و دەستیان کردووە بە کاری دڕندانە و کوشتنی منداڵانی عێراقی کە شیرینی وەردەگرن و هەروەها بریندارەکانیش دەکوژن. هیچ گومانمان لەوەدا نییە کە دوژمن بەردەوام دەبێت لە کوشتن و ئێمە دەزانین کە ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن مەگەر ئێمە ئیرادەی خۆمان لەدەست بدەین.
جەنابی سەرۆک...
ئەمڕۆ بەڵێن دەدەم کە بێ هیوا نابین و هەمان بەڵێنی ئێوە بەرز دەنرخێنم کە عێراق جێی خۆی لەنێو دیموکراسی جیهان بەدەست دێنێت و دوژمنانی ئازادی تێکدەشکێن. سەرۆک تاڵەبانی باسمان لە ستراتیژی داهاتووی هاوبەشمان کرد. ئەمەریکا پاڵپشتی گەلی عێراق دەکات لە بەرەو پێشبردنی کاری دیموکراسی و گۆرانکاری دەبینین لە فەلوجە و رەمادی و موسڵ لە تۆمارکردنی دەنگی عێراقێکاندا.
ئاشکرایە کە بۆ یەکەم هێزە ئەمەریکیەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی هاوبەش. لەم ساتەدا هێزەکانی عێراق و ئەمەریکا کاری هاوبەشی دەکەن لە تەلەعفەر و جێی دیکە و ئامانجمان تێکشکاندنی دوژمنە و ئازادکردنی عێراق و هەروەها دابینکردنی هێزی زیاتری عێراقییە بۆ بەشداری کردن لە شەرەکەدا. لەو کاتەی کە عێراقییەکان زیاتر و زیاتر دڵنیا دەبنەوە لە هێزەکانی خۆیان ئێمە هەڵدەستین بە کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەمان و گەڕاندنەوە بۆ وڵاتی خۆمان بە شانازییەوە.
سەرۆک تاڵەبانی سەفەر دەکات بۆ نیویۆرک و ئەم دانیشتنە یەکەم جار دەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە تیایدا عێراق نوێنەرایەتی حکومەتی ئازاد بکات و ئازادی لە عێراقدا بڕەخسێنێت. جەنابی سەرۆک ئەم ئازادییە پێویستی بە قورباندانی زۆرە و بۆ خۆشت دەزانیت کە ڕۆژگارێکی سەخت بەڕێوەیە بەڵام هیچ گومانێکمان نییە لە کاریگەری عێراقێکی دیموکراسی لەسەرهەموو دونیا. عێراقێکی دیموکراسی فیدرالی یەکگرتوو کاریگەری لەسەر گەلانی دیکەش دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکو داوای ئازادی خۆیان بکەن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیرتر دەبێت و ئەمریکا و دونیاش زیاتر ئاشتی وسەقامگیری بەدەست دەهێنن.
شانازی بە هاوڕێیەتیتەوە دەکەم جەنابی سەرۆک
و شانازی دەکەم کە هاوپەیمانیت لەگەڵمان لە جەنگی دژی تیرۆرست.
بەناوی خەڵکی ئەمەریکاوە، ئەمەوێت سوپاسی جەنابت و گەلی عێراق بکەم بۆ پاڵپشتیتان بۆ قوربانیانی کاترینا.
بەخێربێن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
دەقی وتەی سەرۆک مام جەلال لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا
سوپاس جەنابی سەرۆک بۆ وتەکانت، شەرفمەندم ئەمڕۆ شان بەشانی ئەو سەرۆکە وەستاوم کە عێراقی ئازاد کرد. شەرەفمەندم کە نوێنەرایەتیی دیموکراسی دەکەم، و بەناوی گەلی عێراقەوە بە جەنابت و گەلی ئەمەریکی شکۆمەند دەڵێم سوپاس بۆ ئازادکردنمان لە دەست خراپترین جۆری دیکتاتۆریەت. گەلەکەمان لە ژێر سایەی ئەم دیکتاتۆرییەدا ئازارێکی زۆری چەشتووە و سەدان هەزار عێراقی بێتاوان و منداڵ و ئافرەت لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون. سوپاس بۆ جەنابت و بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئێستا (٥٠) ملیۆن موسوڵمان لە ئەفغانستان و عێراق ئازادکراون لە ئەنجامی سەرکردایەتی بوێرانە و بڕیارت بۆ ئازادکردنمان، جەنابی سەرۆک، ئێمە هاوڕاین لەگەڵ سەرۆک بۆش دا کە دیموکراسی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
جەنابی سەرۆک...
جەنابت وەک پیاوی دەوڵەت و خاوەن دیدگە، دەستخۆشیت لێ دەکەین و سوپاسگوزارین و هەرگیز ئەوە لە یاد ناکەین بۆ گەلەکەمانت کردووە.
گفتوگۆی باشمان کردووە و هاوکاری یەکین و شانازی دەکەم بە ڕاشکاوانە بڵێم و دوبارەی بکەمەوە کە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکاین لە شەرکردن دژی ستەم و تیرۆرست و لە پێناو دیموکراسیدا. سڵ ناکەینەوە و دووبارە دەیڵێینەوە کە عێراقییەکان هاوکاری ئەمەریکان لە جەنگدا لە دژی تیرۆرست و سەربازەکانمان شان بەشانی سەربازە ئازاکانتان ئێستا و هەموو کات دەجەنگن.
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەلقاعیدەمان دەستگیرکرد و ژمارەیەکی زۆرمان کوشت . زۆریان لە زیندانەکانماندا دەمێننەوە و بەپاڵپشتی ئێوە جەنابی سەرۆک دەتوانین لێیان ڕزگارمان بێت و وەک وڵاتێکی دیموکراسی بێینە ڕیزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
هەموو جۆرەکانی ئازادیمان هەیە، لە ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەتوانین بڵێین کە جۆرێك لە دیموکراسی دەگمەنمان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ستراتیژیمان دروستکردنی دیموکراسییە و به رگری کردنە لێی. باسمان له چۆنیەتی پێشخستنی تاکتیکی خۆمان کرد. هەنگاوی باش نراوە لە بەرەوپێشچوونی ئاسایشی وڵات و ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆرستدا بوون. بەرەو هەڵبژاردنیکی تازە دەڕۆین، ئەو جێیانەی کە پێشر بە ناوچەی ئەلقاعدە ناسرابوون، ئێستا ئەو ناوچانە بوون بە ناوچەی عێراقی. چەند ئاماژەیەک وا دەردەخات کە خەڵکی ڕووبەڕووی تیرۆرست دەبنەوەو لە دژیان دەجەنگن. ئێستا هۆزی سوننی عەرەبی شەڕ دەکات لە دژی تیرۆرست، هەروەها خەڵكی تەلەعفەر چوونەتە ڕیزی هێزی عێراقیەوە لە دژی تیرۆرست. ئەمەش ئاماژەیەکی باشە بۆئەوەی کە گەلەکەمان بەئاگا هاتۆتەوە کە تیرۆرستست دوژمنی گەلی عێراقە پێش ئەوەی دوژمنی گەلی ئەمەریکی بێت.
تیرۆرست خەڵکی بێتاوان و منداڵ و خوێندکار دەکوژێت و مزگەوتەکان و حوسێنیەکان
وێران دەکات. ئێمە وردە وردە بەرەو پێشەوە دەڕۆین، بۆ نموونە ساڵی پار فەلوجە لە گۆرەپانی جەنگ دەچوو نەک شارێکی عێراقی ئێستا فەلوجە بونیاد دەنرێتەوە و لە لایەن لیژنەیەک و دادوەرێکی هەڵبژێردراوەوە دادپرسی دەکرێت. تاکو ئێستا ئاستەنگی ئاسایشی هەیە کە پشتگوێی ناخەین بەڵکو ڕووبەڕووی ئەلقاعدە دەبینەوە. شەرەکەی ئێستای تەلەعفەر ئەوە دەسەلمێنێت کە دوژمن لاواز دەبێت و ورەی دەڕوخێت. شەڕەکەی تەلەعفەر ئاسان بوو لەڕووی تێکشکاندنی تیرۆرست و ئازادکردنی شارەکە.
ئەوان بەناوی جیهادەوە دەیانەوێت ستەم و دیکتاتۆری بە خراپترین شێوە بەسەر کۆمەڵگاکەمان و خەڵکەکەماندا بسەپێنن، لەبەر ئەم هۆکارەش ئەوان تەنها دوژمنی عێراق نین بەڵکو دوژمنی مرۆڤایەتین، دوژمنی ڕاستەقینەی ئیسلام و هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارە ئەمەریکییەکانمان لەناویان دەبەین، ئەمڕۆ بوونی ئەمەریکا و بوونی دەوڵەتەکانی دیکە لە عێراقدا زۆر گرنگە.
بوونی ئەمەریکا و بوونی دەوڵەتەکانی دیکە لە عێراقدا زۆر گرنگە بۆ دیموکراسیەت لە عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەروەها بۆ ڕێگری کردن لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ئێمە خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوە دیاری ناکەین جەنابی سەرۆک.
خشتەی کاتی یارمەتی تیرۆرستان دەدات و هانیان دەدات بۆ بەزاندنی زلهێزەکانی جیهان . ئێمە هیوادارین تاکۆتایی ئەم ساڵ ٢٠٠٦ هێزە ئەمنییەکانمان بتوانن به رپرسیارێتیە کانیان جێبه جێ بکه ن له لایه ن هێزه کانی ئه مه ریکا و به ڕێککه وتنی ته واو له گه ڵ ئه مه ریکیه کان. نامەنەوێت کارێک بە بێ ڕەزامەندی ئەمەریکییەکان ئەنجام بدرێت لەبەرئەوەی نامەنەوێت تیرۆرستان وابزانن کە ئیرادەمان لەبەرگری کردن لەخۆمان لاواز بووە.
ئێمە سەربەزین و هیوامان زۆرە کە ئەو رۆژە زوو دێت و هێزەکانی ئەمەریکا بە شانازییەوە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، و پێیان دەڵێین دۆستەکانمان سوپاستان دەکەین و زۆر سوپاسگوزاری هاوڕێیەتی بوونتانین و بێگومان داوای لێبوردن دەکەین بۆ ئەو قوربانیانەی خەڵکی ئەمریکا لە پێناوعێراقدا داویانە. بەڵام من لەو باوەڕەدام کە گەلێکی مەزنی وەک ئەمریکا ئەرکێکی هەیە لە مێژوودا، گەلی ئەمریکا بە هەزاران قوربانی داوە لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و هەروەها لە پێناو ئازادی گەلانی بالکان و ئەفغانستان و کوردستان. سەرکردەی مەزن- بەڕێز جۆرج دەبلیو بۆش- بەبەردەوامی لە ئەرکی گەلی ئەمەریکایە و ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەمەریکییەکانین، سوپاسگوزاری بەخشندەیی و قوربانییەکانی ئەمەریکاین لە عێراق و هەموو جێیەك.
پێویستمان بە وڵاتە دراوسێکانمانە، هیچ نەبێت بوەستن لە پەلاماردانی دیموکراسی عێراق، دەمانەوێت بێنە بەرەکانی جەنگەوە لەگەڵمان لە دژی تیرۆرست.
ئەوان برای ئێمەن، هیچ نەبێت ئەو میدیا فەرمییانە بوەستێنن کە پاڵپشتی تیرۆرست دەکەن. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵمان بێنە ڕیزەوە لە دژی تیرۆرست، چونکە تیرۆرست دوژمنی هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیە لە هەموو دونیادا. ئێمە هەمیشە ناوی ئەو لایەنانە دەبەین کە هاوکارییان کردووین بۆ بەدەستهێنانی عێراقێکی دیموکراسی. جەنابی سەرۆک بۆخۆت یەکێکیت لەو لایەنانەی کە هاوکاریت کردووین و سوپاست دەکەین بۆ ئەم کارە خانەدانەت.
لەڕووی سیاسیەوە لە عێراقدا پێشکەوتن بەدی دەکرێت، ئێمە چەک دوور دەخەینەوە لە سیاسەتی عێراق و بۆ یەکەمین جار گفتوگۆیەکی ئاشتیانه له عێراقدا بەڕێوە دەچیت بەبێ پەنابردن بۆ چەک. زۆربەی عێراقییەکان پابەندن بە پرۆسەی سیاسی و عێراق وڵاتێکی هەمەچەشنە و جیاوازییەکانمان بە ئاشتیانە یەکلایی دەکەینەوە. ئێمە رەشنووسی دەستوورمان پەسەند کرد بێگومان ئەم بەڵگەنامەیە تەواو و بێ کەم و کوڕی نییە بەڵام پێموایە یەکێکە لە باشترین دەستوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵبەت هەندێک کێشەمان لەگەڵیدا هەیە و بەردەوامە بەڵام ئێمە لە هەموو بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و پەروەردەیی و ژیانی سیاسی بەرەوپێشەوە دەڕۆین و هیوادارین بەردەوام پشتیوانی ئەمریکا و دۆستەکانی جیهانی عەرەبی و ئەوروپا بەدەست بهێنین.
ئاشکرایە کە ئێمە هێشتا تازەین لە مەسەلەی دێموکراسیدا، بەڵام رەشنووسی دەستوور ماف و یەکسانی بۆ هه موو عێراقییه کان لەبەردەم یاسادا مسۆگه ر دەکات بێ گوێدان بە ڕەگەزو ئایین. دەستوور ڕێکخستنەوە و هاوسەنگی دەکات و پێمان وایە باشترین دەستوورە لە هەرێمدا.
ئێمە هەوڵ دەدەین یارمەتی ئەو هاوڵاتیە مەدەنیە عێراقیانە بدەین کە نەیان توانیوە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەشداری بکەن. مەبەستم برا سونە عەرەبەکانمانە، لەگەڵیاندا لە گفتۆگۆداین. هاوپەیمانی کوردستانی و یەکگرتووی عێراقی (٢٢٨) دەنگیان به ده ست هێنا به ڵام ئێمه هه وڵ ده ده ین برا سوننه کان بهێنینه ناو حکومەت . دەستمان کردووە بە هەڵبژاردنی جێگری سەرۆک کۆمار کە عەرەبی سونەیە و دوو جێگری سەرۆک وەزیران کە سونەن و سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتمانی سونەیە و وەزیری بەرگری و وەزیری پیشەسازی سونەن. ئەمە وا دەکەن هەموو عێراقیەکان یەکبگرن. داواکارین هەموو تاکێکی عێراقی بەشداربێت لە پرۆسەی ئاشتی و رای خۆیان دەربڕن و ئازادن لە ڕەخنەگرتن لە حکومەت، رەخنەگرتن لە سەرۆک کۆمار، لە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان. دەتوانن بیرۆکەکانیان و داواکارییەکانیان لە ڕێی پرۆسەی دیموکراسییەوە دەرببڕن. بێ گومان ئەم دەستوورە تەواو و بێ کەم و کوڕی نییە بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا دەست کاری بکرێت ئەگەر گەلی عێراق خواستی هەبوو، بەڵام لەئێستادا و بە بەراورد کردن لەگەڵ دەستوورەکانی دیکەدا، ئێمە شانازی دەکەین بەوەی کە بەڵگەیەکی وا و دەستورێکی وامان هەیە.
هەندیك لە برا سوننەکانمان ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی تیرۆرستی دەبنەوە و ئێمە ئەوەی لە دەستمان دایە دەیکەین بۆ ئازادکردنیان. ئەوانەی لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە دەژین پرسیاری زۆریان هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا جەنگ لەعێراقدا بوونی هەیە یاخود نا؟ من پێیان دەڵێم فەرموون وەرن بۆسەر گۆڕی بە کۆمەڵ و ببینن چی بەسەر هاوڵاتی عێراقیدا هاتووە و ببینن لە ئێستادا چی لە عێراقدا دەگوزەرێت.بۆ ئەوانەی باسی سەقامگیری دەکەن، سەدام گۆری بەکۆمەڵ و تیرۆرستی بەسەرماندا سەپاند. پێیان دەڵیم ئازادی بەدەست ناهێنین تا ئەو کاتەی ئێوە لە عێراقدابن.
* لەئەرشیڤی (الانصات المرکزي) ١٣-٠٩-٢٠٠٥