دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ۳٤هەمین ساڵڕۆژی رزگارکردنی شاری سلێمانی لە دەستی بەعسی دیکتاتۆر بەرزڕادەگرێت.

2025-03-07


رۆژی ۷ی ۳ی ۱۹۹۱ سلێمانی وەك یەكەمین شاری گەورە و سەرمەشق بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان لە دژی رژێمی دیكتاتۆری بەعس راپەڕی، شارەکە بەتەواوی ئازدکرا.

 سلێمانی سەلماندی مەڵبەندی زیندووی ئازادیخوازان، فیداکارییە، سلێمانی مێژوویەكی پڕشانازی لە خزمەتكردن بە خەڵکەکەی و سەرجەم چینەکان تۆماركردووە و داگیرسێنەری مەشخەڵی بزاوتی رۆشنبیری، مەعریفی و رەسەنایەتییە، بۆیە بەم بۆنەیەوە لەم یادەدا جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە لە خەڵکی سلێمانی دەکەین.

(لەزمناكۆوە بۆ ئازاد ۱۷٦۰، برادەران ئاگادار بكەنەوە ۷ی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، ئەمە كۆدی ئامادەكاری راماڵینی بەعس بوو لە شاری سلێمانی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە ئاراستەی پێشمەرگە و شانە چەكدارەكانی كرد بیرۆكەی راپەڕینیش لەلایەن سەرۆك مام جەلال-ەوە داڕژرابوو.

لە ٧ـی ئازاری ١٩٩١ دا، هاووڵاتییاینی شاری سلێمانی بەسەركردایەتیی پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەک هەنگاوی یەکەم هەڵیانكوتایە سەر بنكەی حامیەی پۆلیس و سەراو ئازادیان كرد، هەروەها پاشان هێرشیان كردە سەر بارەگای سەرەكی ئەمنی ریژێمی پێشووی عیراق كە بەئەمنە سوورەكە بەناوبانگە رزگار کرا. بەشێكی زۆر لە دڕندەترین سەركردەكانی ئەوكاتی رێژم بەدەستی كەسوكاری شەهیدان بەسزای گەل گەیەنران و دوای ۳٤ ساڵیش لەئێستادا ئەمنەسوورەكە وەك مۆزەخانەیەكی نیشتمانی ماوەتەوە، لەلایەن خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە ئەمنەسورەکەی سلێمانی پاراست و وەکو مۆزەخانەی تاوانەکانی رژێمی بەعسی رەفتار فاشست پاراست لە ژێر ناوی ئەمنەسورەکەی سلێمانی بووتە سیمبوولی قوربانی و شەهیدان رۆژانە پیشانی گەشتیاران دەدرێت، هەر ئەم نەبەردیانەی شاری سلێمانی بوو نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی پێ بەخشی.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی دیکەی  کوردستان دادەنەوێنین.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved