دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بنکەی ژین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

2025-03-12

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ۱۲ی ۳ی ٢٠٢٥ باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەڕێز رەفیق ساڵح، سەرۆکی بنکەی ژین لە شاری سلێمانی واژۆ کرد.

لە دیدارێکدا باڵیۆز د. محەمەد سابیر، روونیکردەوە کارکردنی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە دیدگەی سەرۆک مام جەلالەوە سەرچاوەی گرتووە و دەیانەوێت رۆڵێکی بوونیادنەرانە لە ئاستی کۆمەڵگە بگێڕن بە تایبەت لەبواری ئەرشیفکردن، کۆکردنەوەی بەڵگە، رۆشنبیری، کولتووری، زانستی و گەشەی مرۆیی.


سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بنکەی ژین  وتی: "دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە بەناوی سەرۆک مام جالال یەکێکە لەو کەلەپورە  پاک و جوانانەی بۆمان دەمێنێتەوە خزمەتێکی باش بە ئەرشیفی کوردی دەکات".

 لە لێکتگەیشتنەکەدا هاتووە: "هاوبەشی و هاوکاریی نێوان هەردوو لا لە کاری ئەرشیفی‌دا لە رووی بەدەستهێنانی بابەتی ئەرشیفییەوە لەڕێگەی پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە، هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو لا بۆ بەشداریکردن لە چالاکی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تایبەت بە کاری ئەرشیفی‌ لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان".

لە بەشیکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە: "سوود وەرگرتنی بەشی ئەرشیفی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە شارەزایی و ئەزموونی تیۆری و کرداریی کاری ئەرشیفیی بنکەی ژین و بە پێچەوانەیشەوە، هاوئاهەنگیی هەردوولا بۆ دابینکردنی سەرچاوەی ئەرشیفی بۆ توێژەری زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان بەبێ جیاوازی".

"ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی کەلتووری و بەڵگەنامەیی بۆ خزمەتکردنی بواری ئەرشیف و بەڵگەنامەی کوردستان" یەکێکی دیکەیە لەو خاڵانەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بنکەی ژین کە بڕیارە لە ئایندەدا کاریی لەسەر بکەن.

بنكه‌ى بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، ناوه‌ندێكى ئه‌رشیفیى ناحكوومییه‌، ساڵى 2004 له‌ شارى سلێمانى دامه‌زراوه‌، ته‌رخانى كۆكردنه‌وه‌، پاراستن، ڕێكخستن و زیندووكردنه‌وه‌ى سامانى به‌ڵگه‌نامه‌، ده‌ستنووس، رۆژنامه‌گه‌رى و كتێبى تایبه‌ت به‌ كورد و كوردستان و تۆماركردنى مێژووى زاره‌كیى كورده‌وارییه‌. كارده‌كا بۆ؛ هه‌م بنیاتنانى پاشخانى یاده‌وه‌ریى كوردستانیی هه‌موو پێكهاته‌  ئه‌نتی و ئهایینییه‌كانی كورده‌واری له‌و كه‌ره‌سته‌ كۆكراوانه‌ له‌ رێى دیجیتاڵكردن و دانانى داتابه‌یز و ئه‌رشیفێكى ئه‌لكترۆنییه‌وه‌، هه‌م هه‌نگاونان بۆ دامه‌زراندنى ده‌زگاى تایبه‌تمه‌ندى پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌ و ده‌ستنووس و كتێبخانه‌ى نیشتمانی له‌ هه‌رێمى كوردستان.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved