سەید سیستانی مەبەستی لە (صمام الامان) تەنیا سەرۆك مام جەلال بوو

2024-05-16
لە دوای نەخۆش کەوتنی سەرۆك مام جەلالی مەزن، بە داخەوە بارودۆخەکە لە سەرتاسەری ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە هەموو رووەیەکەوە خراپ و نالەبار بوو ، بە جۆرێك لایەنە ناکۆکەکان بۆ لەناوبردنی یەکتر دەستیان بۆ هەموو ئسلوبێکی ترسناك برد،  لەکاتێکدا پێشتر بە هەوڵ و کۆششی سیاسییانە و دیپلۆماتییانەی سەرۆك مام جەلال  لانی کەم دادەنیشتن  و کۆدەبوونەوە  ئەگەر چی رێکیش نەکەوتنایە .
 
راستە ناکۆکییەکانی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینیی و مەزهەبییەکانی عێراقی دروستکراوی دوای جەنگی یەکەمی جیهان، هێندە قوڵ و ئاڵۆز و پڕ پێج و گرێ کوێرەن،  هەرچەندە سەرۆك مام جەلال کە جەنابیشیان پێش هەموو کەس دەیزانی رێککەوتنی کۆنکرێتیی نێوان ئەم پێکهاتە ناکۆك و  ناموتەجانسە ئەگەر مەحاڵ نەبێت هەروا ئاسان نییە، بەڵام پێگە بەهێزە سیاسی و شەخسییەکەی، توانا دیپلۆماتیی و حەکیمییە هەمە لایەنەکانی خستە گەڕ  بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان،  تواکانی بەڕێزیان زەمینەیان ساز کردبوو کە دەریچە و دەرەتانێك بکرێتەوە  بۆ ئەوەی لانی کەم بە دانیشتنە دوقۆڵیی و کۆبوونەوە هاوبەشەکان، جۆرە لێك تێگەیشتنێك  لە نێو هێزە سیاسییەکاندا بێتە کایەوە کە خۆیان بە نوێنەری ئە  پێکهاتانە دەزانن هیچ نەبێت کاریگەرییە ئیقلیمییەکانی سەریان کەمتر بێتەوە. 
ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆك مام جەلالی مەزن دەستکەوتی زۆر و زەوەندی  بەبەرهەم هێنا لەوانە  هەڵبژاردنی یەکەمین کۆمەڵەی نیشتمانی (پەرلەمان )، پێکهێنانی حکومەتی کاتیی هەڵبژێردراو، نووسینەوەی دەستوور  و پەسەندکردنی لە ریفراندۆمێکی بێ وێنەدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان و دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمار چەندینی تریش. دیارە ئەو پێکەوە ژیانە ئەگەر جەنگێکی ساردیشی لەپاڵدا بوبێت لەسەر بنەمای تەوافوق بوو کە سەرۆك مام جەلال بە تاکە دەرتانی دەزانی (تا ئێستاش هەر ئەوە رێگەچارەیە  بۆ دەرچوون لە تونێلە تاریکەکەی عێراق) . 
 
دیارە  هەموو پێکهاتەکان هەریەکەیان سوودیان لەو کەش و هەوای لێکتێگەیشتن، پێکەوەژیان، دیالۆگ و دانیشتنە سیاسییانە وەرگرت. لە ریزی پێشەوەیان  ماڵی شیعەکان کە تارادەیەك بە یەکگرتویی مایەوە . 
 
لەو روانگەیەوە بوو کە ئایەتوڵڵا عوزما سەماحەتی سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە، سەرۆك مام جەلالی مەزنی بە  ئەندازیار و بنیاتنەری ئەو لێکتێگەیشتن و پێکەوە هەڵکردنە زانی و  بەو رابەرەی وەسفکرد کە بوەتە زامنکردنی ئەو کەش و دۆخە لەبارە نازناوی (صمام الامان)ی پێ بەخش، هەر لەو میانەشدا سەرۆك ئۆباما بە (جۆرج واشنتن) ی عێراقی وەسفکرد . 
 
کەواتە ئەوە   پێگەی شەخسی سەرۆك مام جەلال بووە کە بارودۆخەکەی  بەو ئاقارەدا بردوە، کوردیشی پێ بە هێز کردبوو کە هیچ پرۆژەی قانونێك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ کورد  تێپەڕ نەکرێت، هەر پێگە و هێزی جەنابیشیان  بوو کە لە هەرێمی کوردستانیش ئارامی، یەکڕیزیی، خۆشگوزەرانی، بەرەوپێشچون و ئۆقرەیی  باڵادەست بوو، هەر بۆیە سەرۆك مەسعود بارزانی لە کاتی ماڵئاوایی سەرۆك تاڵەبانیدا رایگەیاند کە “جێگەی سەرۆك  مام جەلال هەرگیز پڕ نابێتەوە “،. 
سەرکردەی  مەزنی گەلەکەشمان کاك نەوشیروان مستەفا لە مانگی مایسی ٢٠١٦ دا لەکاتی سەردانیدا بۆ دەباشان  ئەوەی بە بیر سەرۆك مام جەلال هێنایەوەکە “لەوەتەی لە بەغدا دوریت  کێشەکان رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزتر دەبن و کەس کۆنابێتەوە، جاران هەموویانت کۆدەکردەوە، بۆیە ئێستا هەست بە پێوستییت دەکەین “. 
تەواوی سەرکردەکانی جیهان و ناوچەکە و سەرکردە عێراقییەکانیش هەمان دەستەواژەی (صمام الامان)ەکەی سەماحەتی سەید سیستانییان دووپاتکردۆتەوە، بەڵام بە شێوەی جیا جیا .واتە هەم بەهێزیی پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا، هەم پێکەوە ژیانە سیاسییەکەی پێکهاتەکانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پێگە سیاسی، خەباتگێڕی و دیپلۆماتییەکەی سەرۆك مام جەلال، بۆیە (صمام الامان)ەکەی سەید سیستانی هەر  مەبەست مام جەلال بووە نەك وەك هەندێك بە شێرو ڕێوی هێنانەیەکی زۆرەوە دەڵێن فەتواکەی سەید سیستانی مەجازیی بووە، بەڵکو مەبەستی کورد بووە. لەبنەڕەتدا مەرامیانە رۆڵی سەرۆك مام جەلال کاڵ بکەنەوە  لەو دەورانە پڕ کێشمەکێشمەیەدا . 
 
ئەم روونکردنەوەیەی بەندە بۆ ئەوە نییە کە خەبات و قوربانیدانی میلەتەکەمان بە هەند وەرنەگرم، چونکە پێش هەموو کەسێك سەرۆك مام جەلال خۆی هەمیشە دەیفەرموو “ئێمە بەم گەلەوە پێگە و جێگەمان دیارە“، تەنیا مەبەستم ئەوە بوو کە  دەستەواژەی (صمام الامان) هەر  تایبەت بو بە سەرۆك مام جەلال  خۆی نەك مەجازیی  بوبێت .

 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved