سەرۆک مام جەلال هیچ کات بێ بەڵگە هەنگاوی نەناوە، دەڵێن پێش سەردانیکردنی هەر لایەنێک، ماوەیەک بە مێژووی رابردووی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵیاندا چۆتەوە و ئەوجار بە ئامادەییەکی تەواوەوە چۆتە لایان، هەر لەو دانیشتنانەشدا چەندین نموونەی رابردووی وەک بەڵگە بۆ خستوونەتە روو.
ئەم کارەکتەرەی رابەری حزب، بووە نەریتی کارپێکردن لەلایەن سەرکردایەتی ی.ن.ک وە هەتا ئێستاش کاری پێدەکرێت.
رەنگە جوانترین نموونەش ئەوە بێت کە لە رۆژی مورافەعەدا لە 9-2-2004 بە بەشداریی ئەندامانی مەجلیسی حکومی عیراق لە کەرکوک، سەرۆک مام جەلال بە خستنەڕووی نەخشەیەکی باوەڕپێکراوی زەمانی عوسمانی سەبارەت بە کوردستانیبوونی کەرکوک خستییەڕوو و هەموو بەشدارانی تووشی شۆک کرد.
ی.ن.ک ئەو هەنگاوەی بە سیاسەت و بیروباوەڕی خۆی زانیوە، نەک هەنگاوێکی تاکتیکی لەبەر خاتری رازیکردنی دڵی تورکمانەکان و ریکلامی سیاسیی یان لەژێر گوشاری دەرەکیدا کردبێتی
خۆمان حاڵمان خراپ بوو، کەچی لە بیری تورکمانەکاندا بوو
لەدوای راپەڕینەوە کە هێشتا بۆ کورد مافەکانی نەهاتبوونە دی و لە بەغداوە رژێمی بەعس لەسەر پێی خۆی وەستا بوو، دۆخی هەرێمی کردستانیش لە نێوان هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆییدا بوو، سەرەڕای هەڵگرتنی خەمی گەورەی میللەتێکی جینوساید کراو و کیمایی لێدراو و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کورد و تێکۆشەری ناوچەکانی ژێر دەستی بەعس، کەچی سەرۆک مام جەلال لە خەمی کردنەوەی قوتابخانەی تایبەت بووە بۆ تورکمانەکان.
ئەمە یەکێکە لەو هەنگاوە نییەت پاکانەی کە سەرۆک مام جەلال وەک رابەری ی.ن.ک ناویەتی، واتا لەو پەڕی نادامەزاروەیی و نوێ بوونی کابینەی حکومەت و بوونی قەیرانی دارایی و ناسەقامگیریی ئەمنی بەهۆی شەڕ و هەڕەشەی دەرەکییەوە، کەچی ئەو لە بیری ئەوەدا بووە گرنگیی بە مافەکانی پێکهاتەکانی دیکەش بدات، هەرچۆن لەسەر دەستی خۆی بوو کە یەکەمین مزگەوتی حوسەینییە لە سلێمانی کرایەوە بۆ شیعە مەزهەبەکان.
لە گوندێکی رۆژهەڵات مزگەوتی دروست کردبوو
لەسەردەشتەوە بەرەو بێوران و لەوێشەوە بۆ قاسمەڕەش دەچووم، دیمەنی گوندێک بە لاپاڵێکەوە بوو سەرنجی راکێشام، دابەزیم و چەن وێنەیەکم گرت، کەسێکی دیکە هات و بەخێرهاتنی لێکردم، کە دواندم وتی ئەو مزگەوتە لەسەر ئەرکی سەرۆک مام جەلال دروستکراوە، وتم چۆن؟ وتی کاتی خۆی چەند جار لەم گوندەی ئێمە حەواوەتەوە، ئیتر دوای نەمانی رژێمی بەعس، وەک وەفایەک پارەی ناردووە بۆمان بۆ دروستکردنی ئەم مزگەوتە گەورە و خۆشە.
کۆکردنەوە و یەکخستنی ریزەکان
سەرۆک مام جەلال و بە گشتی ی.ن.ک سیاسەتی کۆکردنەوە، یەکخستنی ریزەکانی ناو کۆمەڵگە، هەوڵدان بۆ گەشەسەندن، پێشکەوتن، دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ماڵوێرانی، لە هەرجێیەک بووبێت پەیڕەوی کردووە، تەنانەت دەسەتەکانی پێشمەرگەکان لە کاتی شۆڕشدا ئەرکی هۆشیارکردنەوە و رێزگرتن لە بیروباوەڕی جیاوازیان گرتۆتە ئەستۆ.
تورکمانەکان رەتنەکراونەتەوە
ی.ن.ک دەیزانی کە نەتەوە سەردەستەکان بەرامبەر کورد یەکێک لە چەکەکانی دەستیان بۆ دواخستنی کورد، دوورخستنەوەیان بوو لە خوێندن و رەتکردنەوەی زمانەکەیان بوو، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووش لەهەوڵێکی بەرنامە پلان بۆ دارێژراودا ویستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بکاتە عەرەبی و تەنها یەک وانەی کوردی بهێڵێتەوە، بەڵام بە هەوڵی ی.ن.ک و لە رێگەی هاندانی خوێندکارانەوە، توانرا ئەو بەرنامەیە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەگەر سەریبگرتایە، ئەوا زیانێکی گەورەی لە کورد و زمانەکەی دەدا لەم بەشەی کوردستان.
ئێمە زەدەی ئەو دەستە چەپەڵە بووین، کەچی سەرۆک مام جەلال دێت و لە 21-3-1995 دا داوا دەکات لە هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ کە خوێندنگەی تایبەتی بۆ تورکمانەکان بکاتەوە تا ناوەندی و دواناوەندییش، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بیان بەخشن لەوەی کە لەوانەی کوردیدا دەرچوونیان لەدوا ئەزموون نەکرێتە مەرج، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ی.ن.ک نەیویستووە ئەو کەمە نەتەوەییە بخاتە ژێر دەستی خۆی و بە زۆر فێری کوردییان بکات، بۆیە لە خاڵی چوارەمی نامەکەیدا دەڵێت، عەفویان بکەن لە زمانی کوردیدا بۆ ناجح بوون، واتا با بخوێین تا فێر بن، بەڵام ئیجباریان مەکەن کە دەبێ دەربچن تێیدا.
ئەمە لە کفرییش بەهەمان شێوە بەپێی ئەو بەڵگەیە دەردەکەوێت کە ی.ن.ک چۆن ویستوویەتی رێز بگرێت لە پێکهاتە غەیرە کوردەکان و لە هەوڵی دابین کردنی مافەکانیاندا بووە بۆ خوێندن بە زمانی خۆیان و داوا دەکات خانووی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت تا بتوانن تێیدا بخوێنن.
ئەوەی زۆر گرنگە بە ئاشکرا سەرۆک مام جەلال بۆ هەڤال کۆسرەت رەسوڵی نووسیوە دەڵێت: ئێستا هەر خۆتی فورسەتە بیروباوەڕ و سیاسەتی خۆمان جێبەجێبکەیت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ی.ن.ک ئەو هەنگاوەی بە سیاسەت و بیروباوەڕی خۆی زانیوە، نەک هەنگاوێکی تاکتیکی لەبەر خاتری رازیکردنی دڵی تورەکمانەکان و ریکلامی سیاسیی یان لەژێر گوشاری دەرەکیدا کردبێتی.
ی.ن.ک لەسەر رێبازی مام
ئەمڕۆ لەدوای نزیک بە 30 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر بڕیار و فەرمانی سەرۆک مام جەلال- دا سەبارەت بە کردنەوەی خوێندنگە بۆ تورکمانەکان، هەندێک لەوانەی دەیانەوێت مێژوو چەواشە بکەن و دەرگای ئەو رابردووە جوانە دابخەن، دێن و سیاسەتی ی.ن.ک لەمڕۆوە پیشانی خەڵکی کوردستان دەدەن، ئەوانە دەیانەوێت بە تورکمان و پێکهاتەکانی تر بڵێن ی.ن.ک بە راستکردنەوەی یاساکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت ئێوە پەڕاوێز بخات.
لەڕاستیدا ی.ن.ک نایەوێت لەسەر رێبازی مام جەلال لابدات و هەوڵ دەدات بە پێی گونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکە و سەردەمەکە هەنگاو بنێت، بەڵام ی.ن.ک هێشتا دەیەوێت جێ دەست و بیری مام جەلال لە کارەکانیدا رەنگ بداتەوە، چونکە مام خۆی خوێندنگەیەکی گەورەی خەبات و خۆنەویستی و سەرچاوەی یەکتر پەسەندکردن و رێزنان لەنەتەوەکانی تر بووە.